دواین هەواڵ

کوردستان‌

 54 خولەک پێش ئێستا

هاتوچۆی سلێمانی ڕێگەگرتنی لە بارهەڵگرەکان دەستپێکرد و هاتوچۆی هەرێم ڕێنمایی نوێ بڵاو دەکاتەوە

هەرێم نیوز

بەهۆی دەستپێکردنەوەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان چەند ڕێنماییەکی بۆ شۆفێران بڵاو کردەوە، هاوکات هاتوچۆی سلێمانیش بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی، هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری لە کاتەکانی بەیانیاندا بۆ سەنتەری شار قەدەغە کرد.

دیاریکردنی کاتەکانی قەدەغەکردنی هاتنەناوەوەی بارهەڵگرەکان لە سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، پاڵپشت بە بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و لەپێناو کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ڕێکخستنی ڕەوشی هاتوچۆ، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ەوە، هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، ڕێگە بە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان نادرێت لە کاتژمێر ٧:٠٠ تاوەکو ٩:٠٠ی بەیانی بچنە سەنتەری شار. ئاماژەی بەوەش کردووە، وەک جێگرەوەیەک شۆفێرانی بارهەڵگر دەتوانن شەقامی ١٠٠ مەتری بۆ هاتوچۆکردن بەکار بهێنن.

ڕێنماییەکانی هاتوچۆی هەرێم بۆ شۆفێران و پاسەکانی گواستنەوەی قوتابییان
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کرانەوەی دەرگای قوتابخانەکان و وەرزی نوێی خوێندنەوە چەند داواکارییەکی ئاراستەی شۆفێران کرد و داوای کرد، ڕەچاوی خێرایی بکەن لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بەردەم سەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا، هەروەها ئاگاداری منداڵان و پیادەڕەوان بن.
هاتوچۆی هەرێم هۆشداری دەداتە شۆفێرانی پاسی گواستنەوەی خوێندکاران کە ڕەچاوی ژمارەی یاسایی بکەن و سەرنشینی زیادە هەڵنەنەگرن، هاوکات ڕێگە نەدەن منداڵان بەشێکی جەستەیان لە پەنجەرەکانەوە دەربهێنن و لە بەردەم قوتابخانەکانیشدا ئاستەنگ دروست نەکەن.

بانگەوازێک بۆ دایک و باوکان و مامۆستایان
لە کۆتاییشدا داوا لە دایک و باوکان و مامۆستایان دەکات، ئامۆژگاریی منداڵان بکەن بۆ ئەوەی لە کاتی پەڕینەوە لە شەقامەکان هۆشیار بن و تەنیا لە شوێنە دیاریکراوەکانەوە بپەڕنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP