هەرێم نیوز
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە نیازە گرێبەستێکی نوێی فرۆشتنی تەقەمەنی بە بەهای دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بە ئیسرائیل پەسەند بکات، کە 40 هەزار بۆمبی وێرانکەری قورس لەخۆدەگرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی 9ـی 2026، ئیدارەی ترەمپ بە شێوەیەکی نافەرمی لیژنە پەیوەندیدارەکانی کۆنگرێسی لە گرێبەستێکی سەربازیی گەورە لەگەڵ ئیسرائیل ئاگادار کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کراوە، گرێبەستەکە دابینکردنی 20 هەزار بۆمبی جۆری (MK-84) و 20 هەزار بۆمبی دیکەی جۆری (BLU-117) لەخۆدەگرێت، کە کێشی هر یەکێکیان دەگاتە دوو هەزار پاوەند و خاوەنی توانایەکی زۆری وێرانکاریین بۆ پێکانی ئامانجە قووڵەکان.
ئەم هەنگاوەی واشنتن لە کاتێکدایە کە بەپێی نوێترین ڕاپرسییەکان، ڕێژەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ئەمریکا بەرامبەر بە ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەتایبەت لە نێو لایەنگرانی پارتی دیموکراتدا.
سوپای ئیسرائیل بە بەردەوامی ئەم جۆرە بۆمبە قورسانەی لە کەرتی غەززە و خاکی لوبنان بەکارهێناوە، ئەمەش کاردانەوە و ڕەخنەی توندی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا ئاماری قوربانیانی غەززە بەپێی وەزارەتی تەندروستی 73 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.