هەرێم نیوز
وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێی دراوی ئەلیکترۆنییەوە بڕی ۱.٥ ملیار دۆلاری سپی کردووەتەوە.
دروستکردنی تۆڕی فراوانی مامەڵە بە دراوی ئەلیکترۆنی
لە ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی دادی ئەمریکادا هاتوو، ئێران تۆڕێکی فراوانی مامەڵەکردنی بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان دروستکردووە، بۆ سپیکردنەوەی پارەی نەوت.
ئاماژەی داوە، لە ڕێی ئەو تۆڕەوە تا ئێستە تاران توانیویەتی ۱.٥ ملیار دۆلاری پارەی نەوت سپی بکاتەوە و بە دراوی ئەلیکترۆنی مامەڵەی پێوە بکات.
داواکاری بۆ دەستبەسەرداگرتنی ٦١ ملیۆن دۆلار و بەردەوامیی سزاکان
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتوو، داوامان بۆ دەستگرتن بەسەر ٦١ ملیۆن دۆلاری داهاتی فرۆشتنی نەوتی ئێران کە خراوەتە ژێر سزاکانەوە بەرز کردووەتەوە و هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن بۆ خشککردنی سەرچاوەکانی داهاتی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران.
ئەم هەوڵانەی وەزارەتی داد و گەنجینەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە پێشتریش چەندان هەژمار و سەکۆی مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان خرانە ژێر سزاکانی ئەمریکاوە، بەهۆی مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنی بۆ گواستنەوەی پارەی نەوتی فرۆشراوی ئەو وڵاتە بۆ ناوەوەی ئێران.