هەرێم نیوز
ئەمیرال براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، لە کەمیی مووشەکی بەرگری نیگەران نییە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بەهۆی جەنگی ئێرانەوە نزیکەی نیوەی کۆگای مووشەکەکانی پاتریۆت و سادی بەکار هێناوە بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا.
دابەزینی بەرچاوی ئاستی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "سی بی ئێس"، سوپای ئەمریکا ڕووبەڕووی کمبوونەوەی مووشەکی بەرگری بووەتەوە، بەڵام فەرماندەی سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی بە باشی پڕچەک کراوە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تەنیا لە هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردن، واشنتن زیاتر لە ٣٠ مووشەکی سیستەمی "پاتریۆت"ی بۆ بەرپەرچدانەوە بەکار هێناوە.
ئەم فشارە سەربازییە وای کردووە کە ئاستی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.
هەر بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هێزەکانی واشنتن ٤٥٪ی مووشەکەکانی پاتریۆت و زیاتر لە نیوەی مووشەکەکانی سیستەمی "ساد"ی تایبەت بە بەرگریی ئاسمانییان بەکارهێناوە.
ئامادەییی ئەمریکا بۆ دۆخی کتوپڕ
ئەمیرال براد کۆپەر لە لێدوانێکدا وتی: "من بە هیچ شێوەیەک نیگەران نیم لە دابەزینی ئاستی مووشەکەکانمان، چونکە ئێمە بۆ هەر دۆخێکی کتوپڕ و نەخوازراو بە تەواوی ئامادەین و هێزەکانمان چەکی پێویستیان لەبەردەستدایە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان."
پاشخانی سیستەمەکانی پاتریۆت و ساد و تێچووەکانیان
سیستەمی "پاتریۆت" و "ساد" (THAAD) پێشکەوتووترین سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئەمریکان کە بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکە بالیستی و دوورمەوداکان بەکاردێن. جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران وای کردووە کە واشنتن بەشێکی زۆری تەکنیکی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بکات.
تێچووی هەر مووشەکێکی پاتریۆت نزیکەی ٤ ملیۆن دۆلارە، ئەمەش وای کردووە کە بەکارهێنانی بەم قەبارە زۆرە ببێتە جێی باسی ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕووی بودجە و توانای بەرهەمهێنانەوە.