هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەجێندای کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە لە عومان تایبەت کراوە بە دیاریکردنی ڕێڕەوێکی دەریایی نوێ لە گەرووی هورمز.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی 9ـی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕای گەیاند، نوێنەرانی حەوت وڵات (پێنج وڵاتی کەنداوی فارس، عێراق و ئێران) بەشداری کۆبوونەوەکەی عومان دەکەن، لە کاتێکدا بەحرەین بەهۆی مەرجێکی پێشوەختەوە بەشداری ناکات.
عێراقچی ئاشکراشی کرد، ئێران و عومان لەسەر نەخشەی ڕێڕەوە نوێیەکە و بەیاننامەی هاوبەش ڕێککەوتوون تاوەکو بۆ تۆمارکردن پێشکەشی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی (IMO) بکرێت؛ هاوکات جەختی کردەوە ئەم هەنگاوە بە مانای کردنەوەی ڕاستەوخۆی گەرووی هورمز نییە، بەڵکو ڕێکخستنی ڕێکارەکانە کە تەنیا بە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ بەڵێنەکانی ئیسلامئاباد، هاتوچۆی کەشتیوانی دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی.