دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

زەیدی: گرووپەکانی بەرگریی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن

هەرێم نیوز

سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە شاندێکی سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی دۆزی ئێزدی کرد، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی و ئیداریی شنگال و ئەو ڕێکارانەی بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لەو ناوچەیەدا پێویستن.
ڕادەستکردنی چەک و کۆنترۆڵکردنی چیای شنگال
ئەمڕۆ هەینی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، گرووپەکانی بەرگریی شنگال دەست بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت دەکەن. زەیدی جەختی کردەوە، چیای شنگال دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی تەواوی حکوومەتی فیدراڵی و دامەزراوە ئەمنی و ئیدارییەکان.

هەروەها ڕوونی کردەوە، کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەت و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی خەڵکی شنگال و چەسپاندنی سەقامگیری و زامنکردنی داهاتوویان.

بەشداریی هاوپەیمانیی ئێزدییەکان و زامنی مافی شەڕڤانان
ئەم ڕاگەیاندنە لە میانی پێشوازیکردنی زەیدی لە شاندێکی سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی دۆزی ئێزدی و موراد ئیسماعیل، سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان، لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکینەکانی بەرگریی شنگال هات، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی شنگال و ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە سەقامگیری، ئاوەدانکردنەوە و داهاتووی دانیشتووانەکەی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە، بڕیاری ڕادەستکردنی چەک لە چوارچێوەی بونیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی، پاراستنی یەکڕیزیی بڕیاری نیشتمانی و کۆتاییهێنان بە فرەیی ناوەندەکانی بڕیاری ئەمنیدایە.

زەیدی ڕوونی کردەوە دەوڵەت مافی ئەندامانی یەکینەکانی بەرگریی شنگال و یەکینەکانی ژنان و قوربانیدانەکانیان زامن دەکات، ئەوەش لە ڕێگەی ڕێکخستنی دۆخیان و تێکەڵکردنی ئەو کەسانەی شایستەن لە نێو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق بەپێی چوارچێوە یاسایی و فەرمییەکان.

دۆخی خزمەتگوزاری، ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان
لە میانی دیدارەکەدا، دۆخی خزمەتگوزاریی شنگال و پێداویستییەکانی لە پڕۆژەکانی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوە و دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان تاوتوێکرا.
هەروەها ئامادەکردنی زەمینەی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، لەگەڵ چارەسەرکردنی ژمارەیەک کێشەی ئیداریی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی شنگال، دامەزراوەکان، فەرمانگە حکوومییەکان و بەڕێوەبردنی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

عەلی زەیدی جەختی لەوە کردەوە، ئێزدییەکان ڕەنگێکی ڕەسەن و گرنگی پێکهاتەی عێراقن و ئەم فرەییە سەرچاوەی هێز و سەروەتێکی نیشتمانی و مرۆییە بۆ عێراق. زەیدی ڕایگەیاند، حکوومەت بەردەوام دەبێت لە دادپەروەری و زامنکردنی مافەکانیان، گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانیان و چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی ساڵانی تیرۆر و ئاوارەیی دروستی کردووە؛ هەروەها دەوڵەت ڕێگە نادات شنگال ببێتە گۆڕەپانی ململانێکان و بوونی هەر دەسەڵاتێکی ئەمنی یان سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت قبوول ناکات.

بەخشینی زەوی و پێکهێنانی لیژنەی باڵا
زەیدی فەرمانی کرد، ئێزدییەکان لە پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون سوودمەند بکرێن، هەروەها کار بکرێت بۆ ئامادەکردنی زەمینەی پێویست بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دابینکردنی پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان، بەو جۆرەی هانی نیشتەجێبوون و بەهێزکردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەدات.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای کرد کە ئەرکی ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و وردی لەبارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاریی شنگال و دەستنیشانکردنی پێداویستییەکان و چارەسەرکردنیان لە ئەستۆ بێت. ئەمە جگە لە بەدواداچوون بۆ بەشداریکردنی ئەندامانی هێزەکانی پاراستنی شنگال لە دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزارییە فەرمییەکان و ڕێکخستنی دۆخی یاساییان، بەو جۆرەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەهێز دەکات و پشتگیری لە سەقامگیریی شنگال دەکات.

هەڵوێستی شاندی ئێزدییەکان
لە بەرامبەردا، سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران دەربڕی، بەتایبەت لەبارەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، ڕادەستکردنی چەک و تێکەڵکردنی یەکینەکانی بەرگریی شنگال لە نێو دامەزراوە فەرمییەکان؛ هەروەها لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چاکسازییە ئابوورییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP