هەرێم نیوز
سەرچاوەیەکی باڵا ئاشکرای دەکات، هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام بە کورتهێنانی ١٢٠ ملیار دینارەوە، و وەزارەتی دارایی هەرێمیش جەخت دەکاتەوە کە لیستی مووچە ئامادەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە بەغداوە ڕایگەیاند، وەزیری دارایی عێراق بە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی گوتووە کە مووچەی مانگی 8ـی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرن.
سەرچاوەکە ڕوونیشیکردەوە کە ڕێکارەکانی ناردنی مووچە لە دوێنێوە دەستیان پێکردووە و پێشبینی دەکرێت تا سێشەممەی هەفتەی داهاتوو پارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ناردنی مووچەکە بە شێوەی مناقەسە (کورتهێنان) دەبێت و بڕی 120 ملیار دیناری لێ دەبڕدرێت، بەمەش پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی ئەو بڕە پارەیە دابین بکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتڕاستی کردەوە کە لیستی مووچەی مووچەخۆران هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو ئامادەیە.
جەختیشی لەوە کردەوە، هەرکاتێک پارەکە لە بەغداوە گەیشت، دەستبەجێ لیستەکە بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی نووسراوی خەرجکردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
پارەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکراوە و تەنیا چاوەڕێی واژۆکردنی نووسراوەکە دەکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ناردنەکە بە فەرمی دەست پێ بکات و هەفتەی داهاتوو کۆتایی بە تەواوی ڕێکارەکان بێت.