دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆنسوڵخانەی چین لێکۆڵینەوە لە خنکانی قوتابییەکی کورد لە وڵاتەکەیان دەکات

هەرێم نیوز

کۆنسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە خنکانی محەممەد سەعدەدین هادی، قوتابیی کوردی خوێندکاری دکتۆرا لە وڵاتی چین بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەستیان پێکردووە و ئامادەی پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی مرۆیین بە خێزانەکەی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری گەلی چین لە هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، درەنگانی شەوی 8ـی ئەیلوول ئاگادار کراونەتەوە کە محەممەد سەعدەدین هادی، قوتابیی دکتۆرا لە زانکۆی ئۆشن لە چین، بە ڕووداوێکی خنکان گیانی لەدەست داوە.

 کۆنسوڵخانەکە وێڕای دەربڕینی خەمباریی قووڵی خۆی، سەرەخۆشی و هاوخەمیی ئاراستەی بنەماڵەی ئەو قوتابییە کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کۆنسوڵخانەی چین بایەخێکی زۆر بەم بابەتە دەدات و دەستبەجێ پەیوەندیی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆی چینەوە کردووە بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر لەبارەی وردەکارییەکانی ڕووداوەکەوە. 

ئاشکراشی کردووە، دەزگا ئەمنییە خۆجێییەکان و زانکۆکە تیمێکی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسا و ڕێکارەکان لێکۆڵینەوە بکەن، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانی چین لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە چین.

کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر داوا لە دامەزراوە میدیاییەکان دەکات، لە ماوەی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکاندا ڕێز لە تایبەتمەندیی کۆچکردوو و بنەماڵەکەی بگرن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی لێکدانەوەی بێبنەما بەدوور بگرن، تا ئەو کاتەی دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان زانیاریی زیاتر بڵاو دەکرێتەوە.

لە کۆتاییشدا، کۆنسوڵخانەکە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەکی مرۆیی پێویست بە بنەماڵەی کۆچکردوو، تا بتوانن گەشت بۆ چین بکەن و لە نزیکەوە مامەڵە لەگەڵ دەرەنجامەکانی ئەم ڕووداوەدا بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP