هەرێم نیوز
لە بەغدا، وەزیری نەوتی عێراق پێشوازی لە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری سامانە سروشتییەکان کرد و هەردوولا تاوتوێی چەند پرسێکی تایبەت بە کەرتی نەوت و غاز و پڕۆژەیاسای نەوت و غازیان کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، باسم محەممەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵ، پێشوازی لە کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەندین دۆسیەی تایبەت بە کەرتی نەوت و غاز کراوە، کە لە پێشەنگیاندا پڕۆژەیاسای نەوت و غاز بووە.
ئامانج لەم گفتوگۆیانە، بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەم کەرتە هەستیار و گرنگەدا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگیی هاوبەش کردەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانی بکات و پاڵپشت بێت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی نەوت و غاز لە سەرتاسەری عێراقدا.
جێی باسە، لەم کۆبوونەوەیەدا جگە لە وەزیری سامانە سروشتییەکان، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەی بوون، هاوکات لەلایەن بەغداشەوە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەرپرسانی فەرمانگەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بەشدار بوون.