دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

تڕەمپ گڵۆپی سەوز بۆ بۆردومانی ئێران هەڵدەکات

بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئاشکرایان کرد کە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یاریدەدەرە باڵاکانی خەریکی تاوتوێکردنی پلانێکن بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرش و گورزی دیاریکراو دژی پێگە سەربازییەکانی ئێران، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی تاران.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئۆکسیۆس"، هەرچەندە کۆشکی سپی لە هەفتەی ڕابردوودا بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان بەدوور بوو لە پەسەندکردنی هێرشی نوێ، بەڵام هاوێشتنی مووشەکی بالیستی لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردن لە ڕۆژی یەکشەممەدا، هەڵوێستی تڕەمپی گۆڕیوە. تڕەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند کە واشنتن وەڵامی هێرشەکانی ئێران دەداتەوە و بە توندی لێیان دەدات.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پلانەکەی ئامادە کردووە و لەلایەن پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکاوە پشتیوانی لێکراوە. بەرپرسێکی باڵا ئاماژەی بەوە داوە کە ئامانجی سەرەکی لەم هێرشانە پیادەکردنی ستراتیژیی "دروینەکردنی گژوگیا"یە (جز العشب)، کە بریتییە لە ئەنجامدانی هێرشی کاتی و دەوری بۆ لەناوبردنی ڕادار، بەرگریی ئاسمانی و مووشەکە دژە-کەشتییەکان، بە مەبەستی پاراستنی کەشتیگەلی نەوتی و بازرگانی لە گەرووی هورمزدا بەبێ ئەوەی بەرەو جەنگێکی بەرفراوان بچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP