هەرێم نیوز
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختی کردەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە و چەکەکانیان بە تەواوی لە چوارچێوەی دەستووردا کار دەکەن، و ڕوونیشی کردەوە ڕێکارەکانی داماڵینی چەک تەنیا ئەو گرووپە چەکدارانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکاندان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی 8ـی 2026، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «جەزیرە» ڕای گەیاند: «گفتوگۆکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان سەبارەت بە هێشتنەوەی چەک تەنیا بەدەست دەوڵەتەوە بەردەوامن.
لە ئێستادا ئەو گرووپانە پابەندن بەوەی هیچ کردەوەیەک ئەنجام نەدەن کە وڵاتانی دراوسێ یان ناوخۆی عێراق بکاتە ئامانج».
سەبارەت بە هێزەکانی هەرێمی کوردستان، ئەعرەجی پێداگریی لەوە کرد کە چەکی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستووردایە و ئەوان پاسەوانی هەرێمن، ئەمەش لە دەستووردا چەسپێنراوە، و گوتی: «هەموو ئەوەی لە ژێر چەتری دەستووردا هەبێت دەمێنێتەوە و بەرگریی لێ دەکەین، بەڵام بڕیاری داماڵینی چەک ئەو لایەنانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی یاسان».
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوەش کرد، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 30ی ئەیلوولی داهاتوودا بە واتای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن نایەت، بەڵکو هاریکاریی ئەمنی بەردەوام دەبێت.
هەروەها جەختی کردەوە کە بوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لەسەر خاکی عێراق نایاسایییە و چارەسەرکردنی ئەو دۆسیەیە کۆتایی بە بوونی هێزەکانی تورکیاش لە ناو خاکی عێراقدا دەهێنێت.