هەرێم نیوز
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێکارەکانی کۆتاییهاتنی ئەندامێتیی پەرلەمانتار و چۆنیەتیی دیاریکردنی جێگرەوەکەی لە کاتی دەرچوونی حوکمی بنبڕی دادگا لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی و تاوانەکانی دیکە دەخاتە ڕوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی 8ـی 2026، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەگەر هەر پەرلەمانتارێک یەکێک لە مەرجەکانی ئەندامێتیی لەدەست بدات، ئەوا ئەندامێتییەکەی کۆتایی دێت و سیفەتی نوێنەرایەتییەکەی لێ دەسەندرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمە لەو حاڵەتانەدا جێبەجێ دەکرێت کە حوکمی بنبڕی دادگا بۆ پەرلەمانتارەکە لەسەر دۆسیەی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی، یان دۆسیەی لەکەداربوونی شەرەف دەرچووبێت.
سەبارەت بە میکانیزمی پڕکردنەوەی جێگەی ئەو پەرلەمانتارانە، ئەو وتەبێژە ڕوونی کردەوە کە یاسای هەڵبژاردنەکان ڕێکارەکانی دیاری کردووە، بە جۆرێک کاندیدی جێگرەوە لە هەمان لیستی هەڵبژاردنی ئەو پەرلەمانتارە دەبێت کە ئەندامێتییەکەی کۆتایی هاتووە، و یەکەم کاندیدی یەدەگ بەپێی زۆریی ژمارەی دەنگەکانی دەچێتە شوێنەکەی.
جەختیشی لەوە کردەوە، کاتێک پەرلەمان داوا لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکات ناوی کاندیدە جێگرەوەکانی بۆ بنێرێت، کۆمیسیۆن ڕاستەوخۆ بەپێی یاسا ناوەکان ئامادە دەکات و بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی پەرلەمانی دەکات.