هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، واشنتن بەپەلە بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەوانە کردووە و ئەگەری زۆرە ئەو هەنگاوە بۆ ئامادەکاری و ڕووبەڕووبوونەوە یان هێرشکردنە سەر ئێران بێت.
هۆشداریی پێنتاگۆن لە چۆڵبوونی کۆگاکانی ئەوروپا
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) هۆشداری دەدات لە دابەزینی مەترسیداری ئاستی تەقەمەنی و کۆگاکانی چەکی ئەمریکا لە کیشوەری ئەوروپا، بەهۆی ڕەوانەکردنی بەپەلەی بڕێکی زۆر لە مووشەک و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی زانیاریی لێپرسراوانی سەربازیی ئەمریکا، کۆگاکانی وڵاتەکەیان لە ئەوروپا بۆ مووشەکەکانی دژە-فڕۆکە و مووشەکەکانی زەوی-بۆ-زەوی گەیشتوونەتە ئاستێکی "سەرووی مەترسیدار". ئەمەش نیگەرانیی لای شارەزایانی سەربازی دروست کردووە، چونکە پێیان وابەستەی ئەو بڕە زۆرەی چەک توانای واشنتن بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکانی چین و ڕووسیا لاواز دەکات.
سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزیری بەرگرییەوە
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکراشی کردووە، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەی گواستنەوەی ئەو چەک و تەقەمەنییانە دەکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرەڕای نیگەرانی و هۆشدارییە توندەکانی لێپرسراوە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئەم کارە.