دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

کارەساتی هیمالایا؛ ژمارەی قوربانییان دەگاتە هەزاران کەس و دەیان گوند بە تەواوی دانیشتووانیانەوە بێسەروشوێنن

هەرێم نیوز

قوربانی و وێنەی گوندە ژێرئاوکەوتووەکان پەردە لەسەر کارەساتێکی مرۆیی و ژینگەیی گەورە لە ناوچەکانی هیمالایا لادەدەن؛ دوای ئەوەی ڕەقبوونی بەستەڵەک و داڕمانی بەفری ڕۆژی چوارشەممە بووە هۆی دروستبوونی لافاوێکی وێرانکەر لە سنوورەکانی نێوان نیپال و ناوچەی تبتی چیندا.

بەپێی دوا ئامارەکان، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە ٥٨٤ کەس (٥٧٩ لە نیپال و ٥ لە تبت) و زیاتر لە ٢٤٠٠ کەسیش تاوەکو ئێستا بێسەروشوینن.

دەستەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە نیپال ڕایگەیاند کە ژمارەی بێسەروشوینبووان لە خاکی وڵاتەکەیاندا بەرزبووەتەوە بۆ ١٩٢٤ کەس، لە کاتێکدا میدیا فەرمییەکانی چین ئاماژە بە بێسەروشوینبوونی ٥٥٨ کەس دەکەن لە ناوچەی سەربەخۆی تبت، کە بەشێکی بەرچاویان گەشتیاری بیانی و زیارەتکاری هیندی بوون.

بەهۆی لافاوەکەوە زیاتر لە ١٤ هەزار ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی نیپال و تیمی فریاگوزاری چین بە بەکارهێنانی کۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خەریکی گەڕانن، لە کاتێکدا تەرمی ژمارەیەک لە قوربانیان لە ڕووبارەکانی ویلایەتی ئوتار پرادێشی باکووری هیندستان دۆزراونەتەوە کە لافاوەکە لە نیپالەوە هێناونی.

لە لایەکی دیکەوە، مەترسییەکان تەنیا لە زیانە گیانییەکاندا نائاوەستن؛ دامەزراوەی "یۆنیسێف" هۆشداریی داوە کە لە هەردوو سنووردا زیاتر لە ١٧ هەزار منداڵ لە ناوچە کارەساتبارەکاندا پێویستییان بە هاوکاریی بەپەلەی مرۆیی هەیە دوای وێرانبوونی دەیان قوتابخانە.

هاوكات مانگی سوور ڕایگەیاندووە زیاتر لە ٩٠ هەزار کەس ڕاستەوخۆ زەرەرمەند بوون. لە هەمان کاتدا شارەزایانی ژینگە هۆشداری دەدەن لە دروستبوونی زیاتر لە ١٠٠ دەریاچەی بەستەڵەکیی نادیار لە ناوچەکەدا کە هەڕەشەی ڕژانی گەڕێکی نوێی لافاو دەکەن بەسەر ناوچە کارەساتبارەکاندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP