هەرێم نیوز
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران بەبۆنەی هەفتەی دەوڵەتەوە پەیامێکی گشتگیری ئاراستەی گەلی ئێران و بەرپرسانی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، هەر جۆرە هەنگاو یان وتارێک کە ببێتە هۆی دروستکردنی دوو جەمسەریی وەهمی بەتووندی قەدەغەیە.
ستایشی حکوومەت و ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانەکان
ڕێبەری باڵای ئێران لە پەیامەکەیدا دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی حکوومەت کرد کە سەڕەرای سزاکان و پیلانە جۆراوجۆرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، توانیویانە لە کاتی "جەنگی سێیەم" و قۆناغەکانی دوای ئەودا، خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان دابین بکەن.
ناوبراو جەختی کردەوە کە دەبێت دەسەڵات و هێزی ئێران بۆ جیهان ڕوون بکرێتەوە و ڕێگری لە هەر وتەیەکی بێئومێدکەر بکرێت کە ورەی نەتەوەیی لاواز دەکات.
قەدەغەکردنی دوفاقییەتی وەهمی و پاراستنی تەبایی
موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا بڕیارێکی توندی دەرکرد و ڕایگەیاند: "بە بڕیارەوە ڕایدەگەیەنم؛ ئەنجامدانی هەر شتێک کە لە زیانی تەبایی کۆمەڵایەتی بێت، قەدەغەیە."
ناوبراو هۆشداری دا لە دروستکردنی "دوفاقییە وەهمییەکان" وەک (جەنگ یان دانوستان) و (سازش یان جەنگخوازی)، کە بە وتەی ئەو لە ڕابردوودا زیانی گەورەیان بە گەلی ئێران گەیاندووە.
چارەسەری ئابووری و وەلانانی دۆلار
لە ڕووی ئابوورییەوە، ڕێبەری ئێران داوای کرد زنجیرەی ئاڵەنگارییەکانی بژێوی و هەڵئاوسان چارەسەر بکرێن و هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ وەلانانی دۆلار لە هاوکێشە ئابوورییە گرنگەکاندا.
ئاماژەی بەوەش کرد کە کلیلی سەرەکیی چارەسەری کێشەکان پشتبەستنە بە بەرهەمی ناوخۆ و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی "ئابووری بەرگری".