هەرێم نیوز
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا ڕایدەگەیەنێت، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز بە تەقەمەنییەکی نادیار کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگری گرتووە، بەڵام سەرجەم ئەندامانی تیمەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی 8ـی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، زانیارییان پێگەیشتووە لەبارەی ڕووداوێک لە گەرووی هورمز، کە تێیدا کەشتییەکی نەوتهەڵگر ڕووبەڕووی هێرشێکی نەناسراو بووەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هێرشەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لەناو کەشتییەکەدا، بەڵام دوای ماوەیەک توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و بە تەواوی بکوژێندرێتەوە.
دەستە بەریتانییەکە دووپاتیشی کردووەتەوە کە باری تەندروستیی هەموو ئەندامانی تیمی کەشتییەکە باشە و لە سەلامەتییان دڵنیا بوونەتەوە.
هاوکات ئەوەش خراوەتە ڕوو کە بە پێچەوانەی ڕاپۆرتەکانی پێشوویەوە، ئەمجارە دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا شوێنی ڕووداوەکەی بە وردی دەستنیشان نەکردووە.