دواین هەواڵ

جیهان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

25 وڵاتی جیهان پابەندبوونی خۆیان بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم لە کەشتیوانیی مەدەنیدا دووپاتکردەوە

هەرێم نیوز

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) بە میوانداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەستپێشخەرییەکی جیهانیی بە ناوی «ئەتڵەس - ATLAS» ڕاگەیاند، بە مەبەستی بەکارهێنانی ئاشتییانە و پارێزراوی وزەی ئەتۆمی لە کەشتیوانیی مەدەنی و دروستکردنی وێستگەی کارەبای ئەتۆمیی سەرئاوکەوتوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی 8ـی 2026، میدیاکان بڵاوەیانکردەوە، لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی دوو ڕۆژەدا لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، بە بەشداریی نزیکەی 600 نوێنەر لە زیاتر لە 50 وڵات و بەرپرسانی کەرتی دەریایی و پیشەسازیی ئەتۆم، دەستپێشخەریی (ATLAS) ڕاگەیەندرا.

 لە میانی مەراسیمەکەدا، 25 وڵاتی جیهان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا پابەندبوونی خۆیان بەم پرۆژەیە دووپات کردەوە و بە هەنگاوی یەکەم بۆ شۆڕشێکی نوێ لە پیشەسازیی ئەتۆمیی دەریایی مەدەنی لەقەڵەمیان دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسەکە، گواستنەوەی دەریایی 80%ی کۆی بازرگانیی جیهانی پێکدەهێنێت، و پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی کارلێکەرە بچووکە مۆدیۆلارییەکان (SMR)، ڕێگە بە کەشتییە گەورە بارهەڵگرەکان، تانکەرەکانی نەوت و کەشتییە گەشتیارییەکان دەدات بۆ ماوەیەکی زۆر بەبێ پێویستی بە سووتەمەنی کار بکەن؛ هاوکات پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ساڵانی 2030ەوە ئەم تەکنۆلۆژیایە بکەوێتە گەڕ بۆ دابینکردنی کارەبا، گەرمی و شیرینکردنی ئاو بۆ ناوچە کەناراوی و دوورەدەستەکان.

لە میانی دەستپێکردنی کۆڕبەندەکەدا، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم دەستپێشخەرییە وەرچەرخانێکە بۆ داڕشتنی داهاتووی هەردوو کەرتی وزە و کەشتیوانی بە شێوازێکی تەواو سەلامەت.

هاوکات کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، پڕۆژەی ئەتڵەس وزەی ئەتۆمیی دەریایی دەگۆڕێت بۆ واقیعێکی بازرگانی و لەگەڵ هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەگونجێت بۆ گێڕانەوەی پێشەنگایەتیی ئەمریکا لە کەرتی ئەتۆمدا.

ئاماژەی بەوەش کراوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڕێگەی شەش گرووپی پسپۆڕەوە دەست بە داڕشتنی ڕێکارە یاسایی، ئەمنی و سەلامەتییەکان دەکات؛ هەروەها لە ڕۆژی دووەمی کۆڕبەندەکەدا، بەشداربووان سەردانی بەندەری بالتیمۆر دەکەن بۆ بەسەرکردنەوەی کەشتیی (NS Savannah) کە یەکەمین کەشتیی بازرگانیی ئەتۆمیی جیهانە و لە ساڵی 1962 دروستکراوە، تاوەکو لەو ئەزموونەوە ڕێساکانی بەکارهێنانی نەوەی نوێی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی لە دەریاکاندا دابڕێژنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP