دواین هەواڵ

جیهان‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

کێبڕکێی ئیسرائیل و تورکیا لە سوریا؛ تەلئەبیب هۆشداری دەداتە ئەنقەرە و دیمەشق

هەرێم نیوز

لەژێر سایەی گرژییە ئاسمانی و سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئەبو زوور لە سوریا، سەرلەنوێ کێبڕکێ و ململانێی دیاریکردنی سنوری هەژموونی لەو وڵاتەدا بەرجەستە کردەوە.

هەڵوێستی تەلئەبیب و هۆشداری بەرامبەر ئەنقەرە
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هەوڵێکی بەرچاوی تورکیا بووەتەوە بۆ جێگیربوون و بەهێزکردنی پێگەی لە سوریا. کاتس ئاماژەی بەوە دا کە ئەو هەنگاوانەی ئەنقەرە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیلی خستووەتە ژێر مەترسییەوە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەسەرکردنەوەیەکیدا بۆ ناوچەی جەبەل شێخ لە ناو خاکی سوریادا، پەیامێکی ئاراستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کرد و ڕایگەیاند، ئامادەیی و جێگیربوونی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا تەنیا بۆ پاراستنی شارۆچکە و سنورەکانی وڵاتەکەیەتی.

ستراتیژی تورکیا بۆ بونیادنانەوەی سوپای سوریا
کەرمیت ڤالێنسی، توێژەر لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل (INSS) ڕوونی کردەوە، دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لە سوریا ڕەگی مێژوویی هەیە و لە دوای گۆڕانکارییەکانی دەسەڵات لە دیمەشق، ئەنقەرە کار بۆ پرکردنەوەی بۆشاییەکان دەکات.

ڤالێنسی ئاماژەی بەوەش دا، تورکیا کەڵک لەو بۆشاییە وەردەگرێت تاوەکو لە ڕێگەی دابینکردنی چەک، ڕاهێنان و ڕێنماییکردنەوە هاوکار بێت لە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی سوپای سوریا.

نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل
بەپێی هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکان، ئیسرائیل نیگەرانیی قووڵی هەیە لە ئەگەری گەیشتنی چەکی ستراتیژی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی تورکی بۆ سوریا، چونکە ئەم چەکانە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئازادیی جوڵەی ئاساسمانیی ئیسرائیل دەکەن، جگە لە مەترسیی دروستبوونی میحوەرێکی هەرێمی کە هەڵوێستی دوژمنکارانەی بەرامبەر تەلئەبیب هەبێت.

هەڵسەنگاندنی پسپۆڕان و هۆشدارییەکان
لە بەرامبەردا، گالیا لیندنشتراوس، توێژەری پسپۆڕ لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا هۆشداری دەدات کە جوڵەکانی ئیسرائیل ڕەنگە ئەنجامی پێچەوانەیان هەبێت، چونکە ئامانجی سەرەکیی تورکیا سەرکەوتنی ئەحمەد شەرع و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریایە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنقەرە وەڵامی توندی لەسەر هێرشە ئاسمانییەکان نەداوەتەوە، چونکە کردارەکانی ئیسرائیل بە بەشێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حکوومەتەکەی بنیامین نەتانیاهۆ دەبینێت. لەلایەکی دیکەوە، ڤالێنسی جەختی کردەوە کە نابێت زێدەڕۆیی لە توانای کۆنتڕۆڵکردنی سوریا لەلایەن تورکیایە بکریت، چونکە سەرۆکایەتی نوێ لە دیمەشق نایەوێت ببێتە پاشکۆی هیچ وڵاتێک.

لافاوی ئەمنی و سنوری دەستوەردان
لە ڕووی ئاسایشی مەیدانییەوە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی لە ناوچە ئەمنییەکان ناکشێتەوە. لە هەمان کاتدا، ئەیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، ڕێگە بە جێگیربوونی هێزی دوژمنکار لەسەر سنورەکانیان نادەن و لە دووری ٣٥ کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە ڕێگری لە دروستبوونی هەر هەڕەشەیەکی سەربازیی گەورە دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP