هەرێم نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پێشوازی لە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ هێزەکانی حکوومەت کرد، ڕایدەگەیەنێت، ئەم هەنگاوە پێشهاتێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەو وڵاتە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی 8ـی 2026، میدییەکان بڵاویانکردەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی، پێشوازی لەو پێشکەوتنە گەورەیە دەکات کە لە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی سووریا بەدەستهاتووە، هەروەها ئەم هەنگاوە بە وەرچەرخان و پێشهاتێکی گرنگ دەزانێت بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا سەرنجی خستووەتە سەر ڕۆڵی سەرکردایەتیی هەردوولا، ئاماژەی بەوەش کردووە، پێزانینی بۆ دیدگای ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا هەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە، هەروەها بە ڕێزەوە لە ڕۆڵ و هەوڵەکانی مەزڵووم عەبدی دەڕوانێت لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا.
هاوكات داوای لە تەواوی لایەنە کوردییەکان و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە کرد بەشداری لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا بکەن.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەش کردووەتەوە، چاوەڕوانی تەواوبوونی ئەم پرۆسەیەن تاوەکو ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ کە تێیدا مافی سەرجەم هاووڵاتییان پارێزراو بێت.
ئەم پەیامەش دوای ئەوە هات کە ڕۆژی سێشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی و هەڵوەشاندنەوەی وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ ڕاگەیاند.