هەرێم نیوز
وەزیری نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پەرلەمان ڕایگەیاندووە کە ناتوانن بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن، و یەکلاکردنەوەی پرسەکەشی بەستووەتەوە بە بڕیارێکی سیاسی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەتەوە و وەزیر ئاشکرای کردووە کە ناتوانن بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن.
سیپان شێروانی ڕوونی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 20ـی تەممووزی ڕابردووەوە بە فەرمی داوای لە وەزارەتی نەوت کردووە بەشێک لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ بکات کە دابینکردنی 15 هەزار بەرمیل نەوت یان بەرهەمە نەوتییەکانە بۆ هەرێم، بەڵام وەزیری نەوت ڕەتی کردووەتەوە نەک هەر نەوتی خاو زیاد بکات، بەڵکو بەرهەمەکانیشی ڕەتکردووەتەوە بنێرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، وەزیری ئێستای نەوت کە پێشتر بریکاری وەزیر بووە و ئیمزای لەسەر بەڵگەنامەکان کردووە، بەپێی ئەو بەڵگەنامانە حکوومەتی هەرێم داوای 115 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی کردووە بۆ پێداویستیی ناوخۆ و هیچ کاتێک داوای 50 هەزار بەرمیلی نەکردووە.
لە کۆتاییدا سیپان شێروانی ئاماژەی بە دوا قسەی وەزیری نەوت کرد و گوتی، وەزیر ڕایگەیاندووە کە دەبێت لە نێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بڕیارێکی سیاسی لەسەر ئەم پرسە بدرێت و ئەویش وەک وەزیر هەر بڕیارێک بیدرێت جێبەجێی دەکات.