دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پەرلەمانی عێراق هەوڵی دروستکردنی "سندووقی مووچە" بۆ چارەسەری کێشەی مووچەخۆران دەدات

هەرێم نیوز

پەرلەمانی عێراق لە هەوڵی دامەزراندنی سندووقێکی نوێدایە بە ناوی "سندووقی مووچە" بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچەی فەرمانبەران، لە هەمان کاتیشدا گفتوگۆیەکی چڕ بۆ هەرزانکردنی نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و دوو بژاردە لەو بارەیەوە پێشنیاز کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکان، پەرلەمانی عێراق لە هەوڵی دوو پرسی گرنگی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتییان دایە؛ یەکەمیان هەوڵێکە لەناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ دامەزراندنی سندووقێکی تایبەت بە ناوی "سندووقی مووچە" کە هاوشێوەی سندووقی خانەنشینی و سندووقی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەبێت.

 ئامانج لەم سندووقە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی وەبەرهێنان بەڕێوە ببرێت و لە ڕێگەی پێدانی قەرز و پێشینە بە سوودێکی کەم، داهاتەکەی زیاد بکرێت، بەمەش دەکرێت مانگانە بڕێک لەم داهاتە بخرێتە سەر مووچە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی.

 بابەتی دووەم کراوە کە تایبەتە بە کۆبوونەوەی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت.

 کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی بڕیاری زیادکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان.

 لەم بارەیەوە دوو بژاردە خراوەتە ڕوو؛ بژاردەی یەکەم ئەوەیە کە عێراق خۆی سەرجەم بەرهەمە سووتەمەنییەکان (وەک بەنزین، نەوت و گاز) بگرێتە دەست و بە نرخی پاڵپشتیکراو (هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق) بیداتە هەرێم.

سەبارەت بە بژاردەی دووەمیش ڕوون کراوەتەوە، کە بڕی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە زیاد بکرێت بە ئامانجی ئەوەی نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان هەرزان بێت. 

لەم بژاردەیەدا، دەسەڵاتی دیاریکردنی نرخی سووتەمەنییەکان هەر لە دەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەمێنێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم پرسە بدات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP