هەرێم نیوز
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٦ـی ئابی ٢٠٢٦، لەسەر ڕێگەی سەرەکیی هەولێر – کەسنەزان، ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ ڕوویدا و لە ئەنجامدا زیانی گیانی و مادیی گەورەی لێکەوتەوە.
زیانە گیانییەکان و ئاماری برینداران
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئەنجامی ڕووداوەکە هەشت کەس برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
لەلایەکی دیکەوە عەقید هێمن حەمەد، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوو تەرم لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵگیراونەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پزیشکی دادی هەولێر.
هۆکاری ڕووداوەکە و کۆنترۆڵنەکردنی ئۆتۆمبێلەکە
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕوونی کردەوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکاری سەرەکیی ڕوداوەکە تیژڕەوی نەبوە و نەبوونی ستۆپی بارهەڵگرەکە بووە، کە بەهۆیەوە شۆفێرەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە چەند ئۆتۆمبێلێکدا کێشاوە.
زیانە مادییەکان و دەستگیرکردنی شۆفێرەکە
لە هەمان کۆنفرانسدا، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی ڕووداوەکە ٧ ئۆتۆمبێل تێکشکاون و ٤ ئۆتۆمبێلیان بە تەواوی ئاگریان گرتووە.
ئاماژەی بەوەش دا، بارهەڵگرەکە خۆی بە خاڵێکی پۆلیسی هاتوچۆدا کێشاوە و پۆلیسێک بریندار بووە. دەربارەی چارەنووسی شۆفێری بارهەڵگرەکەش ڕایگەیاند، شۆفێرەکە نەسووتاوە و ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کراوە.