دواین هەواڵ

عێراق‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

لیژنەی دارایی پەرلەمان: تەواوی فەرمانبەرانی گرێبەست لە بودجەی 2027دا دەکرێنە هەمیشەیی

هەرێم نیوز

لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایدەگەیەنێت، تەواوی گرێبەستەکانی سەرجەم وەزارەتەکان لە بودجەی ساڵی 2027دا جێگیر دەکرێن و دەبنە فەرمانبەری هەمیشەیی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی 8ـی 2026، میدیاکان بڵاوەیانکردەوە، محەمەد ئەبو عەیس، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، وەزیری دارایی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەکانی وەڵامی داواکاری جێگیرکردنی توێژی گرێبەستەکانیان لە هەموو وەزارەتەکاندا داوەتەوە، بەتایبەتی گرێبەستەکانی وەزارەتی پەروەردە بە هەموو ناونیشانەکانیانەوە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، بودجە بڕگەیەکی لەخۆگرتووە بۆ تەرخانکردنی شایستە داراییەکانی تایبەت بە یاسای وەزارەتی پەروەردە کە بۆ مامۆستایان، فەرمانبەرانی ئیداری و تەواوی کارمەندانی ئەو وەزارەتەیە، هەروەها بڕگەیەک بۆ جێگیرکردنی توێژی پیشە تەندروستی و پزیشکییەکان بەپێی پلەکانی سڕینەوە و هێنانەکایەوە (الحذف والاستحداث) تەرخان کراوە.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی باسی لەوەش کردووە، داواکارییەکی گشتی بۆ پەسەندکردنی یاسای پلەبەندی مووچە هەیە تاوەکو دادپەروەری لە مووچەی فەرمانبەراندا بەدیبهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە یاسای پلەبەندی مووچە لەگەڵ 34 یاسای دیکەدا دژبەیەکە، بۆیە پێشنیازێکی پێشکەش کردووە بۆ دەستکاریکردن و باشترکردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان کەمە، وەک چارەسەرێکی کاتی تا ئەو کاتەی بابەتی یاسای پلەبەندی مووچە یەکلا دەکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP