هەرێم نیوز
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، هەوڵ هەیە بۆ هەڵگیرساندنی ئاگر لە دیمەنی سیاسی و شڵەقاندنی، بەڵام حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێگە نادەن وڵات بخزێتە ناو شەڕی ناوخۆییەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی 8ـی 2026، میدیاکان بڵاوەیانکردەوە، لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک شرۆڤەکار و پسپۆڕی کاروباری سیاسی، نوری مالیکی هۆشداری دا لە مەترسی گۆڕانی دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت بۆ پێکدادان لە نێوان حکومەت و گرووپەکاندا، هەروەها جەختی کردەوە کە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ناوخۆیی بەزیانی تەواوی عێراق دەشکێتەوە.
ڕاشیگەیاند، عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت کە پێویستی بە ئاستێکی بەرزی دانایی و بەرپەرسیارێتی هەیە و پێویستە دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک دوور لە ئاڵۆزی و ڕووبەڕووبوونەوە چارەسەر بکرێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەش کردووە، پێکدادانی نێوان دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکان زۆر مەترسیدار دەبێت و ڕەنگە سەقامگیریی وڵات بخاتە مەترسییەوە.
هاوكات داوای گەڵاڵەکردنی تێڕوانینێکی نیشتمانی و هەرێمیی ڕوونی کرد تاوەکو ڕێگری بکات لە بوونی عێراق بە گۆڕپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و کێبڕکێی بەرژەوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داوای کرد پەلە بکرێت لە تەواوکردنی کابینەی وەزاری و کۆتاییهێنان بە دۆسیەی وەزارەتە بەتاڵەکان و دووپاتیکردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە پاڵ حکومەت دەوەستێت و پشتیوانی لە بەردەوامبوونی دەکات، هەروەها بوونی تێبینی لەسەر ئەدای حکومەت بە مانای قبووڵکردنی گۆڕینی حکومەت یان ڕووخاندنی نایەت، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی کارکردنیەتی.