دواین هەواڵ

عێراق‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان: بڕیاری ڕاگرتنی کارکردن لەگەڵ کۆڕەک تێلیکۆم جێبەجێ دەکرێت

هەرێم نیوز

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دادگا بڕیارێکی تایبەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆمی هەڵوەشاندووەتەوە، بەمەش بڕیاری پێشووی دەستەکە بۆ ڕاگرتنی کارکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە وەک خۆی دەمێنێتەوە و جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی 8ـی 2026، میدیاکان بڵاوەیانکردەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، ئەم بڕیارەی دادگا لەسەر سکاڵای سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، دژی بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم تۆمارکراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان جەختی لە ڕێزگرتنی تەواوەتی خۆی بۆ دەسەڵاتی دادوەری و بڕیاری دادگا تایبەتمەندەکان کردووەتەوە و دووپاتیکردووەتەوە، دەستەکە بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێکارە یاسایی و دادوەرییەکان سەبارەت بە دۆسیەی کۆڕەک تێلیکۆم، ئەوەش لەپێناو پاراستنی مافەکانی دەوڵەت، بەرژەوەندیی گشتی و مافی بەکارهێنەران، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکاندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP