دواین هەواڵ

عێراق‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

بانکی ناوەندیی عێراق دەنگۆی چاپکردنی جۆری نوێی دراو ڕەتدەکاتەوە

هەرێم نیوز

بانکی ناوەندیی عێراق ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە چاپکردنی بڕێکی زۆر لە دراوی نیشتمانیی نوێ بەبێ سفر دەکەن بە مەبەستی خستنەبازاڕی، و جەختیش دەکاتەوە کە ئەو هەواڵانە پشتیان بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نەبەستووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی 8ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەبارەی ئامادەکارییەکانی بانکەکە بۆ خستنەبازاڕی دراوی نوێی بێ سفر بڵاو کراونەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بانکی ناوەندی بە توندی ئەو هەواڵانەی ڕەت کردووەتەوە و ڕوونیکردووەتەوە، هەر پرۆژەیەکی داهاتوو کە پەیوەندیی بە دووبارە داڕشتنەوەی جۆرەکانی دراو یان سڕینەوەی سفرەکانەوە هەبێت، ئەگەر بڕیارێکی فەرمیشی لەسەر بدرێت، ئەوا پێویستی بە تێپەڕاندنی چەندین قۆناغی یاسایی، ڕێکخستن و هونەری دەبێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەر کاتێک بڕیارێکی لەو شێوەیە پەسەند کرا، ئەوا بە شەفافی و لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانی بانکەکە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاو دەکرێتەوە، لەگەڵ دیاریکردنی قۆناغێکی گواستنەوەی گونجاو کە دەرفەت بە هاووڵاتییان، بانکەکان و دامەزراوەکان دەدات بە شێوەیەکی ئارام و ڕێکخراو دراوەکانیان بگۆڕنەوە، بە جۆرێک کە ماف و پابەندبوونە داراییەکانی هەمووان پارێزراو بێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بانکی ناوەندیی عێراق داوای لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە کە وردبین بن و بۆ وەرگرتنی زانیاریی پەیوەست بە سیاسەتی نەختیی وڵات، تەنیا پشت بە کەناڵ و داتاکانی بانکی ناوەندی ببەستن. هاوکات هۆشداریشی داوە لە پشتوبەستن بە ژمارە و زانیاریی پشتڕاستنەکراوە، چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە داراییەکانی هاووڵاتییان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP