دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر ڕێگای کەلار - دەربەندیخان جێگیر دەکرێن

هەرێم نیوز

لە سنووری گەرمیان پرۆسەی جێگیرکردنی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لەسەر ڕێگای سەرەکیی کەلار - دەربەندیخان دەستی پێ کرد و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێوە بکەونە کار.

ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی 8ـی 2026، پرۆسەی جێگیرکردنی 14 کامێرای جۆری «خاڵ بۆ خاڵ» لەسەر ڕێگای سەرەکیی نێوان قەزای کەلار و دەربەندیخان دەستی پێ کرد.

 تاوەکو ئێستا جێگیرکردنی کامێراکان لە نێوان قەزای کەلار بۆ ناحیەی باوەنوور کۆتایی هاتووە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا بڕگەی نێوان ناحیەی باوەنوور بۆ قەزای دەربەندیخان تەواو دەکرێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کارەکانیان بە کۆتا بێن.

لەو بارەیەوە، عەقید سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ڕای گەیاند، خێرایی دیاریکراوی کامێراکان لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوون 100 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.

گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان جەختی لەوەش کردەوە کە سەرجەم کامێراکان لە سەرەتای ساڵی نوێوە بەتەواوی دەکەونە کار و تەواوی سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن، بە ئۆتۆمبێلە بێ‌سەرەتاکانیشەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP