دواین هەواڵ

عێراق‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

عەلی زەیدی کەوتووەتە ژێر گوشاری توندی ئەمریکا، ئێران و عەرەبستانی سعوودییەوە

هەرێم نیوز

ماڵپەڕی "ئەمواج"ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، حکوومەتی عێراق کەوتووەتە ژێر گوشار و ئاراستەی جیاوازی سێ وڵاتی ناوچەیی و جیهانی، بەرپرسانی ئاستبەرزیش بۆ گەیاندنی پەیام سەردانی بەغدایان کردووە.

پەیامی هەواڵگریی عەرەبستانی سوعوودی
خالید حمێدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عەرەبستانی سعوودی لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا دووپاتی کردووەتەوە کە دەبێت حکوومەتی عێراق گرووپە چەکدارەکان چەک بکات. هۆشداریشی داوە کە ئەگەر جارێکی دیکە لە ئەرزی عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر خاکی سعوودییە، وڵاتەکەی بە کردەی سەربازیی ڕاستەوخۆ وەڵام دەداتەوە.

کۆتاپەیامی تاران بەرامبەر بڕیاری چەکدانان
لە بەرامبەردا، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەردانی عێراقیان کردووە و هۆشدارییان داوەتە بەغدا لەوەی بە هیچ شێوەیەک نابێت پەلە لە دۆسیەی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکاندا بکارێت.

مەرجی ئەمریکا بۆ کشانەوە لە عێراق
لەلایەکی دیکەوە، براد کۆپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەردانی بەغدای کردووە و پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق بە بەجێگەیاندنی مەرجی چەکدانانی تەواوەتیی گرووپە چەکدارەکانەوە بەستووەتەوە.

نیگەرانییەکان لە پاشگەزبوونەوەی بەغدا
ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی ئەمواج ئاماژەی بەوەش داوە کە پەیامی پشتپەردەی ئەو سێ وڵاتە زۆر لەوە توندتر بووە لە میدیاکاندا باسیان لێوە کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێککەوتی ٣٠ی ئەیلول وەک دوا وادە بۆ کۆتاییهێنان بە چەکی دەرەوەی یاسا دیاری کراوە، بەڵام میدیاکانی سعوودییە نیگەرانییان دەربڕیوە لەوەی بەغدا هەوڵ دەدات لە بڕیاری چەکدانان پاشگەز ببێتەوە و پرۆسەکە تەنیا بۆ ڕێکخستنی چەک کورت بکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP