هەرێم نیوز
پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرجەم گرووپە چەکدارەکان جگە لە کەتایبی حزبوڵا کۆبووەتەوە، و گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی گەورە بۆ ئەوەی کۆتایی بە پەیوەستبوونیان بە گرووپەکانیان بهێنن و بچنە ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە.
کازم شەممەری، پەرلەمانتاری عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی دەستەواژەی "داماڵینی چەکی گرووپەکان" بەکار نەهێنرێت، بەڵکو لەبری ئەوە پرۆسەکە بە "پەیوەستنەبوون بە گرووپەکان و چوونە ناو حەشدی شەعبی" ناو ببرێت، بەو پێیەی حەشدی شەعبی بەشێکە لە سیستمی ئەمنیی عێراق.
کازم شەممەری ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرجەم گرووپە چەکدارەکان چاویان بەو لیژنەیە کەوتووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی پێکیهێناوە، و دواتریش هەموویان لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان کردووە، جگە لە یەک گرووپ کە ئەویش کەتایبی حزبوڵایە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد کە گەشبینییەکی زۆر هەیە بە وازهێنانی ئەو گرووپانە و پەیوەندیکردنیان بە حەشدی شەعبییەوە، و کەشوهەوایەکی ئەرێنی لە ئارادایە، بە جۆرێک کە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی گەورە بۆ ئەوەی تاوەکو ڕۆژی 30ـی ئەم مانگە پرۆسەکە بە تەواوی یەکلایی بکرێتەوە.