هەرێم نیوز
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی قەیرانەکان و داخستنی گەرووی هورمزەوە، یەدەگی نەختینەیی وڵات لە ١٠٩ ملیار دۆلارەوە بۆ ٧٧.٥ ملیار دۆلار کەمیکردووە و زۆربەی ئەو پارەیەش بۆ دابینکردنی مووچە خەرج کراوە.
نزار ناسر، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاند، بەهۆی کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووی هورمز و لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگەوە، یەدەگی نەختینەیی وڵات بە بڕی ٣١.٥ ملیار دۆلار دابەزیوە.
پارێزگاری بانکی ناوەندی ڕوونیکردەوە که زۆربەی ئەو یەدەگەی خەرجکراوە، ئاراستەی پێدانی مووچەی فەرمانبەران کراوە، و جەختیشی کردەوە کە ئەوان لە ڕێگەی کارکردنی بەردەوامەوە هەوڵی پاراستنی سەقامگیریی ئابووری و بەڕێوەبردنی دروست پاشەکەوتەکان دەدەن.
ئەم دابەزینە خێرایەی یەدەگی نەختینەیی لە کاتێکدایە کە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا، لیژنەی دارایی پەرلەمان پڕۆژەیاسای قەرزی دارایی ناوخۆیی و دەرەکیی بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکان ئامادە کردووە.