دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

داهاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە حەوت مانگدا 2.5 تریلیۆن دیناری تێپەڕاند

هەرێم نیوز

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە داهاتی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و دوو تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دیناری تێپەڕاندووە.


ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی 8ـی 2026، عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی و بەستنەوەی سەرجەم دەروازەکان بە تۆڕی سەرەکیی بەغداوە، داهاتی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٢.٥ تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، کە تەنیا لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمار کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی ٥٦٠ ملیار دینار.

عومەر وائیلی ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆنتڕۆڵکردنی ئەلیکترۆنی ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە کەمکردنەوەی دەستوەردانی مرۆیی و زیاترکردنی شەفافییەت و سەپاندنی چاودێریی ناوەندی؛ ئەمەش بووەتە هۆی ئاشکراکردنی دەیان سەرپێچی و ساختەکاری لە وەسفی جۆری کاڵاکاندا، کە بە مەبەستی خۆدزینەوە لە باجی گومرگی و بەهەدەردانی سامانی گشتی ئەنجام درابوون.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە هەوڵەکان تەنیا لە لایەنی داراییەوە کورت نەبوونەتەوە، بەڵکو پاراستنی ئاسایش و تەندروستیی کۆمەڵگەش دەگرنەوە لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە هاتنەژوورەوەی کاڵای بەسەرچوو و قەدەغەکراو؛ لەم چوارچێوەیەشدا و دوای بەدواداچوونی مەیدانیی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتن ئەنجام دراون.

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە فراوانکردنی تۆڕی ئەلیکترۆنی دەرفەتەکانی دەستکاری و گەندەڵی بە تەواوی کەم دەکاتەوە و چاودێرییەکە پێشوەختە دەبێت، ئەمەش ئۆتۆماتیکردنی دەروازەکانی کردووەتە پێویستییەکی سیادی و ئابووری بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی حکوومەتی ئەلیکترۆنی و دەستپاکی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP