هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی عومان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی ئەنجام دا و لە پەیوەندییەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، ئاسایشی دەریایی و پرسی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەکانیان تاوتوێ کرد.
پەیوەندیی تەلەفۆنی و ئاسایشی گەرووی هورمز
ئەمڕۆ هەینی ٢١ی ئابی ٢٠٢٦، بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی عومان، بەدر بن حەمەد بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام دا.
لەو پەیوەندییەدا رێگەکانی ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستان، هەروەها پەرەسەندنەکانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز تاوتوێ کران. هەردوو لایەن جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی لێکتێگەیشتنەکان کردەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کردەیی کە پشتگیری لە ئازادیی کەشتیوانی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکات.
نێوەندگیریی مەسقەت لە نێوان تاران و واشنتن
ئەم گفتوگۆیانە لە چوارچێوەی نێوەندگیرییەکی چالاکی عوماندایە لە نێوان تاران و واشنتن، کە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکە بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، دوای ئەوەی بەهۆی ئەو جەنگەی لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە هەڵگیرساوە، ئاستەنگی بۆ دروست بووە.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، وەزیرانی هەردوو وڵات چەندین جار گفتوگۆی هاوشێوەیان سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی و ڕێوشوێنە کاتییەکانی بەڕێوەبردنی گەرووەکە ئەنجام داوە.
لە کاتێکدا ئێران گەشبینیی خۆی نیشان داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ عومان سەبارەت بە نەخشەڕێگەی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا، وەزیری دەرەوەی عومان ئاماژەی بەوە کردووە، هەر چارەسەرێکی بەردەوام بۆ قەیرانی گەرووەکە بەبێ چارەسەرکردنی ڕیشەییی کێشەکان، کارێکی ئەستەم دەبێت.