هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ دووەم جار وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە سەبارەت بە سەپاندنی سزای ئابووریی نوێ و ڕایگەیاند، ئەو سیناریۆیانە پێشتر تاقی کراونەتەوە و سەرکەوتوو نەبوون.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی ئێکس بڵاوی کردەوە، ١٤ ساڵ پێش ئێستا باسی سەپاندنی وێرانکارترین سزای مێژوو کرابوو بێ ئەوەی ئامانجەکانیان بپێکن، ٨ ساڵ پێش ئێستاش سیاسەتی زۆرترین گوشار شکستی هێنا و پێنج مانگ لەمەوبەریش داوای ڕادەستبوونی بێ مەرجیان کرد ئەویش بە هەمان شێوە سەرکەوتوو نەبوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە هەڕەشەی ئەمڕۆی ئەمریکا سەبارەت بە ئەنجامدانی وێرانکارترین سزای ئابووری لە مێژوودا، بە دڵنیاییەوە تووشی شکست دەبێت، چونکە ئەوان پێشتر ئەم فیلمەیان بینیوە و تەنیا کارەکتەرەکان گۆڕاون و سیاسەتەکان هەمان سیاسەتی هەڵەی پێشوون.