هەرێم نیوز
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا و لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بازرگانانی ئێران و عێراق، ڕای گەیاند کە تەنها هێزی سەربازی ناتوانێت مانەوەی ئێران مسۆگەر بکات و قەیرانە ئابورییەکان هەڕەشەی جددی دروست دەکەن.
قالیباف لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە: "گرنگ نییە چەند هێزی سەربازیمان هەبێت، ئەگەر گەل برسی بێت و سوڕی دارایی، گەشەی ئابوری و بەرهەمهێنانی ناوخۆیمان نەبێت، نامێنینەوە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە سەقامگیریی ئابوری و ئاسایش دوو دانەبڕاون و ئاسایشی سەربازی بەبێ بوونی ئابورییەکی کارا بەردەوام نابێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و گرژییەکان، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی نە هەوڵی جەنگ دەدات و نە خوازیارییەتی، بەڵام هاوکات پێویستە سوپا لە ئامادەباشی و دۆخی هۆشیاریی تەواودا بێت بۆ ئەوەی پێگەی دیپلۆماسیی وڵاتەکە کاریگەر بێت.