دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

الشرق الأوسط:زەیدی بەرانبەر گرووپە چەکدارەکان نانوێنێت

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، سەردانەکەی محەممەد باقر قالیباف بۆ عێراق سەرجەم ئامانجەکانی نەپێکاوە، بەتایبەتی لە هەوڵەکان بۆ نەرمکردنی هەڵوێستی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، سەبارەت بە پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.

ئەمڕۆ، ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی خەمڵاندنە سیاسییەکان، عەلی زەیدی پێداگرە لەسەر ڕێزگرتن لە وادەی دیاریکراو لە کۆتایی ئەیلوول بۆ ڕادەستکردنەوەی چەک بە دەوڵەت، لە بەرامبەردا هێزە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکان فشار دەکەن بۆ ئەوەی بە مۆڵەتەکە یان مەرجەکانی جێبەجێکردنیدا بچێتەوە.

هاوکات، سیاسەتمەدارێکی ئاگاداری عێراقی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چیتر شیاو نین بۆ گێڕانی ڕۆڵی ناوەندگیر لە نێوان سەرۆکوەزیران و ئەو گرووپانەی ڕەتی دەکەنەوە چەک ڕادەست بکەن، بەهۆی دابەشبوونی هەڵوێستەکانیان و تێکەڵبوونی دۆسیە سیاسی و دادوەرییەکانی تر، بەتایبەت لەگەڵ ئەگەری فراوانبوونی ڕێکارەکانی دژەگەندەڵی کە ڕەنگە سەرکردەی تری ناو چوارچێوەکە بگرێتەوە.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زەیدی لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا بە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ڕاگەیاندووە کە نیەتی نییە لە مۆڵەتی ٣٠ی ئەیلوول پاشەکشە بکات و، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرۆکوەزیران لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قەیرانەدا ڕەنگە زۆر دوورتر بڕوات لەوەی هێزە سیاسییە فشارکەرەکان پێشبینی دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP