دواین هەواڵ

ئابوری‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

دابەشکردنی بەنزین دەکرێتەوە بە سیستەمی کارت

هەرێم نیوز

پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند, لە بەیانییەوە ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی دابەش دەکەن بۆ ٢٥ تا ٣٥ وێستگە زیاد دەکرێن و دابەشکردنی بەنزین لە رێگەی کارتی سووتەمەنی دەستپێدەکاتەوە؛ بە جۆرێک کە لە سەرەتادا هەفتانە بەشێک بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت و هەوڵیش هەیە دوو بەش بۆ ئۆتۆمبێلی تاکسی دابین بکرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵ دەدەن ژمارەی ئەو بەنزینخانانە زیاد بکەن کە بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی دابەش دەکەن. هەروەها ڕایگەیاند کە بۆ ئەم قۆناغە، شۆفێرانی تەکسی بە شێوەیەکی جیاواز سوودمەند دەبن، بە جۆرێک کە بەنزینخانەی تایبەتیان بۆ دیاری دەکرێت و بڕی زیاتری بەنزینیشیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی کارەکانیان پەک نەکەوێت.

پڕۆسەی دابەشکردنی بەنزینی حکوومی لە هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی باری دارایی هاووڵاتییانە لە سایەی بەرزیی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا.

حکوومەت پێشتریش چەندین ڕێکاری بۆ ڕێکخستنەوەی ئەم پڕۆسەیە گرتبووە بەر، بەڵام زۆریی خواست و قەرەباڵغیی بەردەوام وایکردووە پەنا بۆ سیستەمی کارت ببرێت، تاوەکو دڵنیایی بدرێت لەوەی سووتەمەنییەکە بە یەکسانی بەسەر هەموو ئەو شۆفێرانەدا دابەش دەبێت کە مافی وەرگرتنیان هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP