هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی، دەنگۆکانی نەبوونی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت، ٧٥٠ دیناری لە سلێمانی رەتدەکاتەوە.
محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی، لە لێدوانێکدا رایگەیاند: بەنزینی ٧٥٠دیناری لە سلێمانی نەبڕاوە و ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی باسی نەبوونی ئەو جۆرە بەنزینە دەکەن، ناڕاستن.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، تەنیا لە هەندێک شوێن دواکەوتنێک لە دابەشکردنی بەنزین هەیە، کە بەهۆی دۆخی رێگاوبان و گواستنەوەی تانکەرەکانەوەیە.
بەرێوەبەری نەوت و کانزاکان جەخت لەوە دەکاتەوە، پڕۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت بە نرخی ٧٥٠ دینار بەردەوامە و دواکەوتنەکان کاتیین، نەک وەستاندنی دابەشکردن.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە بەپێی راگەیاندنەکانی پێشووی بەرپرسان، بڕی بەنزینی ٧٥٠ دیناری بۆ پارێزگاکانی هەرێم زیاد کراوە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو.