هەرێم نیوز
بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ئەمڕۆ دووشەممە بە فەرمی ڕۆیشتنی دوو یاریزانی یانەکەی ڕادەگەیەنێت، دوای ئەوەی کارگێڕیی یانەکە لەسەر دەستەوارەی فرۆشتنیان لە مێرکاتۆی هاوینەدا ڕێککەوتووە.
ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاوی کردەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بارسێلۆنا بە فەرمی ڕۆیشتنی ڕۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری ئۆرۆگوایی بۆ یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی ڕابگەیەنێت. ئەم گرێبەستە بە یەکێک لە دەستەوارە گەورەکانی ئەم هاوینەی یانە کەتەلۆنییەکە دادەنرێت بە مەبەستی دەستکەوتنی پارەی کاش و چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە داراییەکانیان.
هاوکات لەگەڵ ئاراوخۆ، بڕیارە هەر ئەمڕۆ ڕۆیشتنی جۆفری تۆرێنتس، بەرگریکاری باڵی چەپی تەمەن 19 ساڵانیش ڕابگەیەنرێت. ئەم یاریزانە لاوە پەیوەندی بە یانەی ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندییەوە دەکات، بەڵام بارسێلۆنا مەرجی "دووبارە کڕینەوە"ی لە گرێبەستەکەیدا جێگیر کردووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مافی گەڕاندنەوەی بۆ ڕیزەکانی هەبێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕیار بوو دوێنێ یەکشەممە گرێبەستەکەی ڕابگەیەنرێت، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی یارییەکی ئەیاکسەوە، ڕێکارەکان بۆ ئەمڕۆ دواخران.
بەپێی زانیارییەکان، جۆردی کرۆیف، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ئەیاکس کە پێشتر لە بارسێلۆنا کاری کردووە، زۆر سەرسامە بە تواناکانی تۆرێنتس و وەک بەرگریکارێکی بەتوانای داهاتوو سەیری دەکات. لەبەر ئەوەی ئەیاکس لەو پێگەیەدا یاریزانی دیکەی هەیە، ئەگەر هەیە تۆرێنتس ڕەوانەی یانەی سێڵتا ڤیگۆ بکرێت بۆ ئەوەی لە خولی ئیسپانیادا ئەزموونی پێویست بەدەست بهێنێت.
جێی باسە، جۆفری تۆرێنتس ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لەگەڵ شاندی بارسێلۆنا گەشتی ئیتاڵیای نەکرد بۆ یارییەکەیان بەرامبەر ئۆدینێزی، ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵانە بوو کە یاریزانەکە لە یانەکە دەڕوات و سەرقاڵی کۆتاییهێنانە بە ڕێکارەکانی گواستنەوەی.