هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت کە دانوستانەکانیان لەگەڵ عومان بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لە ڕێککەوتن نزیک بوونەتەوە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کردنەوەی گەرووەکە بەندە بە قەرەبووکردنەوەی پێشێلکارییەکانی یاداشتنامەی ئیسلام ئاباد لەلایەن واشنتۆنەوە.
دانوستانەکانی عومان و ڕێڕەوی نوێی کەشتیوانی
ئەمڕۆ شەممە ٨ی ئابی ٢٠٢٦، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ عومان سەبارەت بە میکانیزمی یاسایی، بەڕێوەبردن و دیاریکردنی ڕێڕەوی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز لە ئاستێکی باشدا بەڕێوە دەچن و زۆر نزیکن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونی کردەوە، ئەو ڕێڕەوەی پێشتر لە گەرووی هورمز هەبوو چیتر لەلایەن تارانەوە قبوڵکراو نییە و دەبێت ڕێڕەوێکی نوێ لەبەرچاو بگیرێت، کە ئەوەش پێویستی بە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییە تەکنیکی و یاساییەکان هەیە.
پێشنیاری ڕێگەی کاتی و مەرجەکانی سەر ئەمریکا
عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی ئاڵۆزییە تەکنیکی و یاساییەکانەوە، لە ئێستادا باس لە دیاریکردنی ڕێگەیەکی کاتیی دەکرێت تاوەکو پێش گەیشتن بە ڕێڕەوی سەرەکی بەکار بهێنرێت. گوتیشی دانوستان لە نێوان هێزی سەربازی و دەریایی هەردوولا بە پشتبەستن بە نەخشەی هەنووکەیی ئەنجام دراوە و لەگەڵ کۆتاییهاتنی دانوستانەکان، ڕێگەی نوێی کەشتیوانی بە فەرمی دیاری دەکرێت.
لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە سەرڕای پێشچوون لە دانوستانە تەکنیکییەکاندا، کردنەوەی گەرووی هورمز مەرجی سیاسی و یاسایی دیکەی لەسەرە، کە گرنگترینیان بریتییە لە قەرەبووکردنەوەی پێشێلکارییەکانی یاداشتنامەی ئیسلام ئاباد لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.