دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

تاران پەیامێکی مەترسیدار ئاراستەی بەغدا دەکات

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی «العالم الجدید»ی عێراقی ئاشکرای کرد کە سەرکردایەتیی ئێران هۆشداریی هێرشی زەمینی داوەتە حکومەتی عێراق سەبارەت بە بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی 8ـی 2026، ڕۆژنامەی «العالم الجدید» لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، هەڕەشەکەی ئێران دوای ئەوە دێت کە دەزگا هەواڵگرییەکانی تاران زانیارییان دەستکەوتووە کە حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان خاوەنی سەربازگە و ناوەندی مەشق و ڕاهێنانن.

لە کاردانەوەی ئەم دۆخەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بەپەلە ڕەوانەی هەولێر کردووە و بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی سلێمانی بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئەو حزبانە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی نیشان داوە لەسەر دوورخستنەوەی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە ناوچە سنوورییەکان و لە ئێستادا هەردوولا چاوەڕێی ئامادەکردنی ڕێکارێکی ئەمنیی نوێن بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە و ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکی زەمینی.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان کە لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و گرژییە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، تاوەکو ئێستا ناوچە سنوورییەکان و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات کەوتوونەتە بەر هێرشی بەردەوامی مووشەکی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP