هەرێم نیوز
نیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیمەشقی پایتەخت لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کۆماری عەرەبیی سووریا کۆبووەوە و تیایدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان و فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کۆماری عەرەبیی سووریا کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی ئەسعەد حەسەن ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بەڕێوە چوو، هەردوولا پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانیان بە وردی تاوتوێ کرد و گرنگیی فراوانکردنی هاوکارییە هاوبەشەکانیان لە بوارە جیاوازەکان و بەتایبەتی لە سێکتەری ئابووریدا دووپات کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، فراوانکردنی هاوکاریی هەرێمی و گرنگیی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان.
لە تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکەدا، بە ڕاشکاوی جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لە سووریای نوێدا مافی سەرجەم پێکهاتەکان بە تەواوی پارێزراو بێت.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک ئەحمەد شەرع سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پێشوازیکردن و حەواندنەوەی پەنابەرانی سووریا لە کاتی شەڕ و نەهامەتییەکاندا، و ڕایگەیاند کە سووریا بە گرنگی و بایەخەوە دەڕوانێتە ڕۆڵی عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە بەرامبەریشدا، نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی سووریای کرد بۆ ئەو پێشکەوتنانەی کە لە بوارە جیاوازەکاندا لەو وڵاتە بەدەست هاتوون، هاوکات ئاماژەی بە ڕۆڵ و ئامادەیی سووریا لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرد.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا چەندین پرسی دیکەی جێی بایەخ و بەرژەوەندیی هاوبەش خرانە بەر باس و گفتوگۆ.