دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

پەیامێکی نوێ لە ئیمراڵییەوە؛ ئۆجەلان قۆناغێکی نوێی دیموکراتی لە تورکیا ڕادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

شاندی دەم پارتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی ئاشکرا دەکەن؛ ئۆجەلان جەخت لە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی دیموکراتی دەکاتەوە کە گرنگییەکەی کەمتر نییە لە دامەزراندنی کۆمار.

تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئیمراڵی و بەستێنی یاسایی
ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٦، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێرییان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئاشکرا کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتیدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە کۆبوونەوەی دوێنێ یەکشەممەدا، ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی بۆ قۆناغی ئێستا و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکانی داهاتوو کردووە.

ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو یاسایەی بڕیارە لەلایەن سیاسەتەوە دەربچێت، وەک کلیلی کردنەوەی دەرگایە بەڕووی "کۆماری دیموکراتی"دا و سەرەتایەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی مێژوویی. ڕایگەیاندووە: "ڕێگەی هەزار کیلۆمەتری بە یەک هەنگاو دەست پێدەکات، ئێمەش بەم یاسایە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی مێژوویی دەنێین و لە سەرەتای پرۆسەیەکی دیموکراسیداین کە گرنگییەکەی کەمتر نییە لە قۆناغی دامەزراندنی کۆمار."

کاریگەریی پرۆسەکە لەسەر ئایندەی تورکیا
عەبدوڵا ئۆجەلان ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم پرۆسەیە تەنها پێویستیی کورد یان لایەنێک نییە، بەڵکو پێویستیی هەمووانە و کاریگەریی تەواوی لەسەر چارەنووسی تورکیا و ناوچەکە دەبێت، هەروەها دەبێتە هۆی گەشەکردنی یاسای دیموکراتی و ئابووری بۆ ٨٦ ملیۆن هاووڵاتیی تورکیا.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە هێشتا هەموو کێشەکان چارەسەر نەبوون، بەڵام هیچ هۆکارێک بۆ ڕوانگەی نەرێنی نییە و گرنگ ئەوەیە هەموو لایەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بەرپرسیارێتیی مێژوویی هەڵبگرن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP