هەرێم نیوز
پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بەگوژمەی زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دینار دەست بە قۆناغی سێیەمی پڕۆژەی قیڕتاوکردنی چەند شەقامێکی کەرتی٨ هەزاری گەڕەکی فەرمانبەران کرا.
ڕۆژی شەممە ١ـی ئاب، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەردەوامی پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و گرنگیدان بە ژێرخانی هەولێری پایتەخت، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکانی قۆناغی سێیەمی پڕۆژەکە، قیڕتاوکردن و دروستکردنی شەقامێکی سەرەکیی ٣٠ مەتری و چەند شەقامێکی ناوخۆیی لە کەرتی ٨ هەزاری گەڕەکی فەرمانبەرانی بەسەرکردەوە.
پڕۆژەکە بە گوژمەی٦٠٩ ملیۆن دینار لە سەر داهاتی ١٥%ـی سەرۆکایەتیی شارەوانی دەست بە جێبەجێکردنی کراوە کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی هاتوچۆ، ئاسانکاری بۆ جووڵەی هاووڵاتییان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانە لەو گەڕەکەدا.
لە کاتی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکە، پارێزگاری هەولێر، ستایشی خێرایی و کوالیتی کارەکانی کرد و دەستخۆشی لە تیمی جێبەجێکار و ئەندازیارانی سەرپەرشتیار کرد، هاوکات پیرۆزبایی لە دانیشتووانی گەڕەکەکە کرد بەبۆنەی گەیشتنی ئەم خزمەتگوزارییانە بۆ ناوچەکەیان.
پارێزگاری هەولیر دووپاتی کردەوە، کاروانی ئاوەدانی لێرە ناوەستێت و سەرجەم گەڕەک و کۆڵانەکانی تری هەولێری پایتەخت بەپێی پلان و بودجەی بەردەست لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان سوودمەند دەبن.
پڕۆژەکە پێکهاتووە لە شەقامێکی سەرەکیی ٣٠ مەتری و ١٠ شەقامی ناوخۆیی بە درێژایی ٢،٢٠٠ مەتر، هەروەها کردنەوەی شەقامەکان و فەرشکردنی تێکەڵە بە ڕووبەری ٢٤،٠٠٠ مەتر دووجا و بڕی قیڕتاوکردنی شەقامەکان بە ڕووبەری ١٩،٠٠٠ مەتر دووجا.