دواین هەواڵ

ئابوری‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

وەزارەتی کارەبا داشکاندن بەڕێژەی تاوەکو ٥٠٪ بۆ قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکی ڕادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی ناوازە و ئاسانکارییەکی تایبەتی بۆ هاووڵاتییان ڕاگەیاند، بە مەبەستی دانانەوە و سڕینەوەی قەرزە کۆنەکانی پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی.

مەرج و ڕێژەی داشکاندنەکان
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٦، وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە داشکاندنێکی ناوازەی یەکجارە بەڕێژەی تاوەکو ٥٠٪ بۆ قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکی ئەنجام دەدرێت، کە جێبەجێکردنی لە نێوان ٣ی ئاب تاوەکو ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی کارەبا جەختی کردووەتەوە کە ئەم داشکاندنە تەنیا قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی دەگرێتەوە و بە هیچ شێوەیەک پارەی پسوولەکانی پڕۆژەی ڕووناکی ناگرێتەوە. بۆ سوودمەندبوون لەم بڕیارەش، پێویستە هاوبەشان بەیەکجار تەواوی بڕی داشکێندراوی قەرزە کۆنەکانیان بدەنەوە. ڕێژەی داشکاندنەکانیش بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:

 ٥٠٪ داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی.
 ٢٥٪ داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری (جگە لەوانەی فیدەری تایبەت بەخۆیان هەیە).

وەستاندنی کاتیی سیستمەکە و داواکاری لە هاووڵاتییان
وەک بەشێک لە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە، وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە کە پارەدانی کارەبا لە ڕێگەی ئی-پسوولە و هۆبەکانی فرۆشیاری وزە بۆ ماوەیەکی کاتی لە نێوان ٣٠ی تەممووز تاوەکو ٣ی ئاب ڕادەگیرێت و بەردەست نابێت.
لەو چوارچێوەیەدا داوا لە هاوبەشان دەکرێت کە پارەی پسوولەکانی ڕووناکی پێش ٣٠ی تەممووز بدەن، بەر لەوەی خزمەتگوزاریی پارەدان بە شێوەی کاتی بوەستێت؛ ئەمەش بۆ لەبەرچاوگرتنی ماوەی پارەدانی ٥٠ ڕۆژی کارەبایە تاوەکو دادپەروەری لە پرۆسەی پارەدان لەنێوان هاوبەشاندا دابین بێت.

ڕێگەکانی پارەدان و دوا دەرفەت
وەزارەتی کارەبا ڕوونی کردووەتەوە کە خێراترین ڕێگە بۆ پارەدان بریتییە لە "ئی-پسوولە" تاوەکو هاووڵاتییان لە قەرەباڵغیی هۆبەکانی فرۆشتنی وزە دووربکەونەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم داشکاندنە ئەو پارەدانانە ناگرێتەوە کە لە ڕێگەی کارمەندانی کۆکەرەوەی پارەی پسوولەی کارەباوە دەکرێن.

لە کۆتاییدا وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە تەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناکی، ئەمە دوایین دەرفەت دەبێت بۆ دانانەوەی قەرزە کۆنەکان بەم داشکاندنە، لە قۆناغی نوێشدا پێویستە پارەی پسوولەکان لە کاتی خۆیدا لە ڕێگەی میکانیزمی ٥٠ ڕۆژییەوە بدرێن. بۆ هەر پرسیارێکیش هاوبەشان دەتوانن پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاریی ڕووناکی بە ژمارە ١٩٩٢ بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP