هەرێم نیوز
بارزانی لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا ڕایدەگەیەنێت، ئەو تاوانە درێژەکراوەی کارەساتەکانی دژ بە گەلی کوردستان بووە و جەخت دەکاتەوە دۆخی سەپێنراو و نائاسایی شنگال تا سەر نابێت و دەبێت ئێزدییەکان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە.
ئازارێکی تاهەتایی و تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش
ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٦، بارزانی پەیامێکی لە دوازدەیەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لە شنگال بڵاوکردەوە و تێیدا ئەو تاوانەی بە "ئازارێک بۆ تا هەتایە" وەسف کرد کە لە یادی کوردستانیاندا دەمێنێتەوە.
جەختی کردەوە کە ئێزدییەکان بەهۆی کوردبوون، ڕەسەنایەتی و بیروباوەڕی ئایینییانەوە کەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و ڕەفتاری نامرۆڤانەی تیرۆریستانی داعش و تاوانەکەش درێژەکراوەی زنجیرە کارەسات و کۆمەڵکوژییەکانی دژ بە گەلی کوردستان بوو.
بارزانی سڵاوی بۆ گیانی شەهیدان و چاونەترسیی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە نارد کە لەسەر چیای شنگال مانەوە و ئابڵۆقەکەیان شکاند و شاری شنگالیان ئازاد کرد و ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند. هاوکات سوپاسگوزاریی خۆی ئاڕاستەی هاووڵاتییانی کوردستان کرد کە هاوسۆزی ئێزدییەکان بوون، جێی خۆشیەتی سوپاس و ڕێزی ئاڕاستەی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد بۆ ڕۆڵی دیاریان لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و تێکشکاندنی تیرۆریستان.
پشتیوانیکردنی داواکارییەکان و ڕەتکردنەوەی دۆخی نائاسایی
بارزانی بۆ خوشک و برا ئێزدییەکان دووپاتی کردەوە کە بە هەموو توانایەک پشتیوانی خواست و داواکارییەکانیان دەکات. هەروەها داوای لێکردن لەپێناو مسۆگەرکردنی دواڕۆژی گەش، لەناوخۆیاندا یەکڕیز بن و هیوایان بە پاشەڕۆژ هەبێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بارزانی جەختی کردەوە کە دۆخە سەپێنراو و نائاساییەی لە شنگالدا هەیە تا سەر نابێت و دەبێت خوشک و برا ئێزدییەکان بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان و قەرەبووی زیان و ئازارەکانیان بکرێتەوە.