دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

عەزیز ئەحمەد: گەرەنتی وەرگیراوە کە هێرش ناکرێتەوە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر

هەرێم نیوز

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە گەرەنتیی تەواویان وەرگرتووە بۆ ئەوەی چیتر هێرش نەکرێتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، هاوکات مژدەی فراوانکردنی پڕۆژەی (ڕووناکی) بەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا دەدات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ باشترکردنی سێکتەری کارەبا و پاراستنی ئاسایشی کێڵگە وزەییەکان.

 ناوبراو ڕایگەیاند کە پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ، پڕۆژەی (ڕووناکی) لە سەرجەم شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە بۆ هاووڵاتییان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگ و ستراتیژیی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، و جەختی لەوە کردەوە کە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکەدا بەبێ وەستان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی پاڵپشتیی تەواوی پڕۆژەی ڕووناکی بکات.

سەبارەت بە ئاسایشی کێڵگەکەش کە پێشتر چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆن بووەتەوە، ناوبراو دڵنیایی دا و بە ڕاشکاوی وتی: "گەرەنتیی تەواو وەرگیراوە کە چیتر هێرش ناکرێتەوە سەر کۆرمۆر،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو هەوڵە دیپلۆماسی و ئەمنییانەی کە حکوومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا خستوویەتییە گەڕ بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP