هەرێم نیوز
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن، حکوومەتی عێراق بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٩ی تەممووزی ٢٠٢٦، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند: دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەستی پێ کردووە، بەڵام بەهۆی ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێنەوە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی داهاتوو پشووی فەرمی دەبێت، بەوەش چاوەڕێ دەکرێت لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات.
جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەش کرد، کەمیی پارەی کاش بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی عێراق، کە وای کردووە دابەشکردنی مووچەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەغداش تاوەکو ۱۰ ڕۆژ دوابکەوێت. ناوبراو جەختیشی کردەوە کە "رەوا نییە تاکە دەروازەی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بێت و مووچەش ڕەوانە نەکرێت."
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکەن ئەم مانگەش هاوشێوەی دوو مانگی ڕابردوو، حکوومەتی فیدراڵ بە شێوازی "لێبڕین" پارەی مووچە ڕەوانە بکات و تاوەکو ئێستا داوای ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆیان لێ نەکراوە.