هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەکی گرنگی سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان، دابینکردنی سووتەمەنی، مافە دەستوورییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ بودجەی فیدڕاڵی دەرکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی 7ـی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبردووە، و لە سەرەتادا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و بە توندی سەرکۆنەی کردوون، و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە هەرێم هەمیشە هۆکاری ئاشتی و دراوسێیەتیی باش بووە و بەشێک نەبووە لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
دوای خستەڕووی ڕاپۆرتی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، بۆ ئەوەی دەستبەجێ ڕێکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین و سووتەمەنی بگرێتەبەر، چاودێریی کوالێتی و بازاڕ بکات و ڕێگری لە قۆرخکاری بگرێت تا هاووڵاتییان بە نرخێکی گونجاو دەستیان بە سووتەمەنی بگات.
هەروەها، لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر مافی دەستووریی هەرێم کرایەوە بۆ وەرگرتنی پشکی نەوتی ناوخۆیی بەپێی ژمارەی دانیشتووان، و هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پلاندانانیش ڕاسپێردران کە تێڕوانینی یەکگرتووی حکومەت و خشتەی داواکارییەکانی هەرێم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 ئامادە بکەن.