هەرێم نیوز
ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن مەسک ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکەی لە ماوەی شەش بۆ ١٢ مانگی داهاتوودا، یەکەمین نەشتەرگەریی چاندنی چیپی مێشک بۆ گەڕاندنەوەی بینایی بۆ کەسانی نابینا تاقی دەکاتەوە و دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکاش نیشانی "ئامێری پێشەنگ"ی بەخشیوەتە پڕۆژەکە.
ئەمڕۆ، ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای (نیورالینک)، موژدەیەکی گرنگی بە جیهان دا و ئاشکرای کرد کە ئامێرێکی نوێیان بە ناوی "بڵایندسایت" (Blindsight) پەرەپێداوە.
ئامانج لەم داهێنانە نوێیە، گەڕاندنەوەی توانای بیناییە بۆ ئەو کەسانەی کە بە تەواوی نابینان. بەپێی ڕوونکردنەوەکانی مەسک، ئەم سیستەمە نوێیە کار دەکات لەسەر ناردنی سیگناڵ ڕاستەوخۆ بۆ توێژاڵی بینایی مێشک، بەمەش بە تەواوەتی ڕێڕەوی سرووشتیی چاو و دەماری بینایی تێدەپەڕێنێت.
سەبارەت بە کوالیتیی بیناییەکە، مەسک پێشبینی دەکات کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تاقیکردنەوەی داهێنانەکەدا، کەسی نابینا بە کواڵیتییەکی نزم بینایی بۆ بگەڕێتەوە و نەتوانێت بە ڕوونی شتەکان ببینێت، بەڵام جەختی کردەوە کە لە داهاتوودا ئەو گرفتە چارەسەر دەکرێت و بیناییەکە باشتر دەبێت.
لە ئێستاشدا، ئەم داهێنانە لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)ـەوە ناونیشانی "ئامێری پێشەنگ" (Breakthrough Device)ـی پێدراوە، هەرچەندە هێشتا بە فەرمی بۆ بەکارهێنانی گشتی پەسەند نەکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، داهێنەرانی کۆمپانیای نیورالینک ئامانجی گەورەتریان هەیە؛ ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم چیپە بچووکە ئەلیکترۆنییانەوە کە بە ژیریی دەستکرد کار دەکەن و بەرنامەڕێژ کراون، توانای جووڵەش بە کەسانی ئیفلیجبوو بدەنەوە. چیپەکە دەتوانێت ئاماژە و سیگناڵەکانی مێشک چالاک بکات و بە خێرایی بیانگوازێتەوە بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە وەک قاچ و دەستەکان. هەروەها پڕۆژەکە کار لەسەر ئەوە دەکات کە چیپەکە کۆنتڕۆڵی سیگناڵەکانی مێشک بکات، تاوەکوو هەر بیرکردنەوەیەک لە مێشکەوە بێت ڕاستەوخۆ وەربگیرێت و شیبکرێتەوە، بەبێ ئەوەی کەسەکە پێویستی بە هیچ جووڵەیەکی فیزیکی هەبێت.