دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

بریندارەکانی حەشدی شەعبی بۆ چارەسەر رەوانەی ئێران کران

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی فارسى ئێرانی ئاشکرای کرد، لە دوای هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعوودیە، ژمارەیەک لە بریندارەکانی حەشدی شەعبی بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ئێران کراون، هاوکات گرووپە چەکدارەکان وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیان بۆ دوای ڕێوڕەسمی چلە دواخست.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی هەواڵی (فارس) بڵاوی کردەوە، لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی "بەرەی مقاوەمە لە عێراق"، ژمارەیەک لە بریندارانی ئەو هێرشانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و ئەنجامدانی نەشتەرگەری ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوای ئێران کراون.

هاوکات، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی زیارەتکاران و ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر ئاستەنگێک لە ڕێوڕەسمی چلە، وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکایان بۆ دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکە دواخستووە، بەڵام جەختیان کردووەتەوە کە وەڵامدانەوەیان "یەکلاکەرەوە و حەتمی" دەبێت و ئەگەری هەیە دامەزراوەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی سعوودیەش بکەنە ئامانج.

 لە هەمان کاتدا هێرشی توندیان کردە سەر سعوودیە و وەک "ئامرازێکی دەستی کۆشکی سپی" وەسفیان کرد.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا، گرووپە چەکدارەکان هۆشدارییان دایە ئەو دامەزراوە حکوومییانەی عێراق کە داوای داماڵینی چەکی گرووپەکان دەکەن و تاوەکو 23ـی سەفەر مۆڵەتیان پێدان بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر پاراستنی عێراقدا بنوێنن. 

ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە، ئاماری قوربانییانی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر بارەگاکانیان لە بەغدا، واسیت، نەینەوا، بەسڕە، کەرکووک، کەربەلا و دیالە بەرز بووەتەوە بۆ 20 کوژراو و 32 بریندار.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP